شاعیر: پیرەمێرد کتێب: پەندەکانی پیرەمێرد سەرناو: پەڵە، وەک پەڵ دای لە سەر و گوێلاک لەبارەی شیعر: پەندەکانی پیرەمێرد، ڕۆژنامه‌ی ژیان، ژماره‌ ٥٠٤. پەڵە [١] ، وەک پەڵ دای لە سەر و گوێلاک دار و خەڵووزمان لێ‌بوو بە تریاک باران ڕەحمەتە و خەڵک لێی ڕادەکا خۆ ڕۆژەوانیش بەرد بە با دەکا مەزلووم جوێن ئەدا و گونای بارامە ڕەمەزان بەجەنگ، سەفەر بەدنامە! بە نەوتی قیرتاو سەوز ئەبێ شاوری [٢] خەتای بارانە کە زۆر دەباری خەڵک لە ماڵی خۆی ڕۆژوو ناگرێ سۆفی گوناحی حکومەت ئەگرێ بێ‌نەواییە شەڕی گوێ کوانوو بادار نانی خۆی کردە بیانوو چەتە، کە کز بوو نوێژکەره‌ و چاکە گورگ کەڵبەی نەشکێ چاوەڕێی لاکە ڕەمزان سێ تەونی لێ گرتووینە دار حەوت ترنگیلی و خومار و قومار ئەڵێن فڵان بەگ خۆی بەڕۆژووە دوای خۆی بڕوانێ کە کێی لە دووە بە تەنها گوڵی بەهارمان نایە هەر مێزێ بگری کولێرەی تیایە ١. په‌ڵه‌: بارانی په‌ڵه‌. ٢. توتنی شاور.